پارێزگاری ئیستەنبوڵ: بە هۆی هێرشەکەوە ٢ کوژراو و ٤ بریندار هەیە

‌وێنەیەک لە ساتی هێرشەکە

دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێرشکرایە سەر کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە ئیستەنبوڵ، پارێزگاری شارەکە لە شوێنی ڕوداوەکە قسەی بۆ میدیاکان کرد و دەڵێت " هێرشەکە لەلایەن سێ کەسەوە ئەنجامدرا. بە ئۆتۆمبێل هاتبوونە شوێنی رووداوەکە. چەکی قەناس و دەمانچەیان پێبوو".

سێ شەممە، ٧ نیسان ٢٠٢٦، داود گول، پارێزگاری ئیستەنبوڵ رایگەیاند هێرش کرایە سەر ئەو پۆلیسانەی رێوشوێنی ئەمنییان گرتبووەبەر. لە هێرشەکەدا دوو پۆلیس بە سووکی بریندار بوون. یەکێک لە تیرۆریستان کوژرا و دوو تیرۆریستی دیکەش بریندار کران. لێکۆڵینەوە بۆ زانینی ناسنامەکانیان بەردەوامە و کارکردن لەسەر پەیوەندییەکانیشیان بەردەوامە".

لە بارەی کونسوڵخانەکەوە پارێزگاری ئیستەنبوڵ وتی "لە ناوچەکەدا چەندین شوێنی کار لە بەشی دواوە کۆنسوڵخانە هەیە. دوو ساڵ و نیوە لە کۆنسوڵخانەکەدا کارکردن راگیراوە و هیچ کارمەندێکی دیپلۆماسی تێدا نییە. هێزە ئەمنییەکانمان لێکۆڵینەوە لەم رووداوە دەکەن".

مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە رووداوەکە نووسیویەتی "ناسنامەی هێرشکارەکان ئاشکرا کراوە و دەرکەوتووە، یەکێکیان پەیوەندی بە رێکخراوێکی ئایینییەوە هەبووە و یەکێکیشیان پێشینەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەری هەبووە کە لەگەڵ یەکێکی دیکەیان برایە. هەروەها ئاشکرا بووە، هێرشکارەکان بە ئۆتۆمبێلی بەکرێ لە ئیزمیتەوە چوونەتە ئیستەنبووڵ".




PM:02:35:07/04/2026