غوڵام حسێن موحسینی ئێژهیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، داوای لە دادگاکان کردووە کە پرۆسەی لەسێدارەدانی نەیارانی سیاسی و زیندانیان خێراتر بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی هەواڵی میزان، سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لە زاری ئێژهیی بڵاوی کردووەتەوە کە پێویستە دۆسیەکانی ئەو کەسانەی کە بە هاوکاریی نەیارانی ئێران تاوانبار دەکرێن، بە خێرایی بپێشبرێن. هەروەها داوای کردووە حوکمەکانی لەسێدارەدان یان دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانەکانیان بە خێرایی دەرکرێن.
لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی ڕابردووەوە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران سەدان کەسیان بە تۆمەتی هاوکاریی نەیاران دەستبەسەر کردووە. ئەم تۆمەتانەش بۆ نموونە بریتین لە هاوبەشکردنی ڤیدیۆی هەستیار لەگەڵ کەناڵە بیانییەکانی ئۆپۆزسیۆن یان دەربڕینی پشتیوانی بۆ هێرشەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی.