ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاندووە کە بڕیارێکی کاتی بۆ راگرتنی جەنگ بۆ ماوەی دوو هەفتە دراوە، لە کاتێکدا واشنتن دەستی بە گفتوگۆی ئاگربەست کردووە و پێشنیازێکی ١٠ خاڵی ئێرانی خستووەتە سەر مێز. بە گوێرەی ئەم ڕاگەیاندنە، گفتوگۆکان ڕۆژی هەینی لە ئیسلامئاباد دەستپێدەکەن.
لە ڕاگەیاندنێکی فەرمی کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران باس لەوە دەکات کە " ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گرنگ و چارەنوسسازدا، توانیویەتی پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل تێکبشکێنێت."
لە هەمان دەقدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئەنجامی گوشارە سەربازی و سیاسییەکان لەلایەن ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕابردوودا، ئەمریکا ناچار بووە پێشنیازەکانی ئێران وەربگرێت.
بەپێی ڕاگەیاندنەکە، گرنگترین خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە ئەمانەن:
• پابەندبوون بە نەکردنی هەر جۆرە دەستدرێژییەک دژی ئێران
• بەردەوامی دەسەڵاتی ئێران بەسەر تەنگەی هورموز
• دانپێدانان بە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم
• هەڵگرتنی هەموو جۆرە گەمارۆی ئابووری
• کۆتاییهێنان بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان
• قەرەبووکردنەوەی زیانەکان
• کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە
• و راگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکان بە تایبەتی لوبنان
هەروەها لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە کە هێزەکانی بەرەی مقاومە لە چەندین ناوچەی وەک لوبنان، عێراق، یەمەن و فەلەستین، توانیویانە زیانێکی گەورە بە ژێرخانە سەربازی و ئابوورییەکانی دوژمن بگەیەنن. بە وتەی ئەوان، دوژمن دوای تەنها 10 ڕۆژ لە دەستپێکی شەڕ، کاتێک بە ڕاستی تێگەیشت لە دۆخەکە، داوای ئاگربەست کردووە.
لە بەشێکی تر، سوپاسی ئامادەبوونی خەڵک کراوە و جەخت لەسەر یەکڕیزیی نیشتمانی کراوەتەوە، بەوەی کە ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی هاوکاریی گشتی و ڕێبەرایەتی بووە. هەروەها هۆشداریش دراوە کە تا تەواوبوونی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، پێویستە هاوپەیوەندی و خۆڕاگری بەردەوام بێت.
لە لایەکی ترەوە، سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم ئاگربەستە بە شێوەی دوولایەنە جێبەجێ دەکرێت و مەرجی سەرەکیی ئەوەیە ئێران ڕەزامەندی بدات بە کردنەوەی تەواوی و پاراستنی سەلامەتیی تەنگەی هورموز بۆ کەشتیوانیی نێودەوڵەتی.
ئەم ڕاگەیاندنە تەنها چەند کاژێرێک پێش کۆتایی هاتنی مۆڵەتێک هات کە تێیدا هەڕەشەی لێکرا بوو بە وێرانکردنی ژێرخانە گرنگەکانی ئێران، وەک وێستگەکانی کارەبا و پردەکان. ئێستا سەرنجەکان ئاراستەی تارانن تا بزانرێت ئایا بە فەرمی ڕێگە بە کردنەوەی تەنگەی هورموز دەدات