ئیسرائیل: ئاگربەست لوبنان ناگرێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند" تەلئەبیب پشتیوانی لە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە، ئەمەش دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە نزیکەی ٤٠ ڕۆژە بەردەوامە.

میدیا عیبریەکان باسیان لەوە کردووە کە ناتانیاهۆ بە مەرجی "ئێران گەرووەکان بکاتەوە و ئەو هێرشانە ڕابگرێت کە لە ناوچەکەدا ئەنجامی دەدات"، بە ئاماژەدان بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تەلئەبیب دژی حزبوڵای لوبنان، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە "ئەم ئاگربەستە لوبنان ناگرێتەوە".

بەیانی ئەمڕۆش سوپای ئیسرائیل هۆشداریی بەپەلەی بە دانیشتوانی شاری تایر لە باشووری لوبنان دا بۆ ئەوەی دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن  و ڕایانگەیاندووە کە هێرش دەکەنە سەر ناوچەکە.


شەوی رابردوو سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە هێرشەکان بۆ ماوەی دوو هەفتە بۆسەر ئێران رادەگرێت و بڕیارە رۆژی هەینی لە پاکستان هەردوولا بۆ گەڕێکی تری دانۆستان کۆببنەوە.




AM:10:25:08/04/2026