دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا ڕایگەیاند” وڵاتەکەی لە نزیکەوە لەگەڵ ئێران کار دەکات و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە گۆڕانکارییەکی زۆر بەرهەمدار لە ناو ڕژێمی ئێراندا ڕوویداوە و بەو هۆیەشەوە چیتر هیچ پیتاندنێکی یۆرانیۆم لەو وڵاتەدا ئەنجام نادرێت.”
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا بە هاوکاریی تاران کار دەکات بۆ هەڵکۆڵین و لابردنی هەموو ئەو پاشماوە و "تۆزە" ئەتۆمییە نێژراوانەی کە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی بی-٢ دروست بوون.
جەختیشی کردەوە کە تەواوی ئەو شوێنانە لەژێر چاودێرییەکی زۆر وردی مانگە دەستکردەکاندان و لە ڕۆژی هێرشەکانەوە دەستکاری نەکراون، هەروەها ڕایگەیاند کە ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆن و بەردەوام دەبن لەسەر کەمکردنەوەی گومرگ و هەڵگرتنی گەمارۆکان چونکە پێشتر لەسەر زۆرێک لەو ١٥ خاڵەی دیاری کرابوون ڕێککەوتنیان کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندیشی دا کە هەر وڵاتێک چەکی سەربازی بۆ ئێران دابین بکات ئەوا دەستبەجێ باجی گومرگی ٥٠٪ دەخرێتە سەر تەواوی ئەو کاڵایانەی کە بە ئەمریکای دەفرۆشێت و هیچ لێخۆشبوونێکیش بۆ ئەم بڕیارە نابێت.
ئەم پەرەسەندنانەش لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٦ هەردوو وڵات بە فەرمی ڕەزامەندییان لەسەر ئاگربەستێکی ١٤ ڕۆژە نیشاندا تاوەکو لە ڕێگەی نێوەندگیریی پاکستانەوە بگەگنە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن و کۆتایی بەو جەنگە بهێنن کە نزیکەی ٤٠ ڕۆژە بەردەوامە.