سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند'' هێرشێکی بەرفراوان و پلان بۆ داڕێژراویان کردووەتە سەر زیاتر لە ١٠٠ پێگەی حزبوڵڵا لە لوبنان.''
لە بەرانبەریشدا میدیاکانی لوبنان ئاشکرایان کرد کە تەنیا لە ماوەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٦دا زیاتر لە ٣٠٠ کەس بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە بوونەتە قوربانی.
ڕاکان نەسرەددین وەزیری تەندروستیی لوبنان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە دا، ئەمە توندترین هێرشی ئاسمانییە کرابێتە سەر وڵاتەکەیان و زیاتر لە ٥٠ شار و شارۆچکەی گرتووەتەوە و بەهۆی زۆریی ژمارەی کوژراو و بریندارەکانەوە نەخۆشخانەکانیان پڕ بوون و داوای بە پەلە لە هاووڵاتییان دەکەن بۆ بەخشینی خوێن ڕوو لە ناوەندە تەندروستییەکان بکەن و هاوکات بەرپرسانی ئەمنییش داوایان لە خەڵک کردووە لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە بۆ پاراستنی گیانیان.
لەلایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا دووپاتی کردەوە کە هێرشەکانیان شاری بەیرووت و ناوچەی بەقاع و باشووری لوبنانی گرتووەتەوە و تیایدا بنکەکانی فەرماندەیی و ژێرخانی سەربازی و یەکە تایبەتەکانی حزبوڵڵایان لەگەڵ سیستەمی مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کردووەتە ئامانج.
جەختیشیان کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بەپێی زانیاریی وردی هەواڵگری بووە و لە چەند هەفتەی ڕابردووەوە ئامادەکاریی بۆ کراوە.