پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕۆژی چوارشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند'' وڵاتەکەی توانیویەتی سەرجەم ئامانجە سەربازییەکانی لە جەنگی دژی ئێراندا بپێکێت و تەواوی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی ئەو وڵاتەی لەناوبردووە.''
جەختیشی کردەوە کە ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزنە بۆ ئاشتیی جیهانی چونکە ئاگربەستەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.**
وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە ئێران بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشێکی سەربازیی وێرانکەرەوە داوای ئاگربەستی کردووە و ئەمریکاش تەنیا بە بەکارهێنانی کەمتر لە ١٠٪ـی تواناکانی خۆی توانیویەتی کارگەکانی دروستکردنی مووشەک و سەرکردەکانی ڕیزی یەکەمی ئەو وڵاتە لەناو ببات و کۆنترۆڵی تەواوەتی ئاسمانی ئێران بکات.
باسی لەوەش کرد کە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکان لە ناو خاکی ئێراندا تەنیا چەند کاتژمێرێکی کەمی خایاندووە و سەرکەوتووانە کۆتایی هاتووە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە لە کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ئاگربەستێکی ١٤ ڕۆژە لە نێوان هەردوو وڵات دەستی پێ کردووە و بڕیارە ڕۆژی هەینی بە نێوەندگیریی پاکستان گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە ئیسلامئاباد دەست پێ بکات بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن و ئەم هەواڵەش دوای ٤٠ ڕۆژ لە جەنگێکی توند بووەتە هۆی بووژانەوەی بۆرسەکانی جیهان و دابەزینی نرخی نەوت و بڕیارە بەم نزیکانە تەنگەی هورمزیش کە بۆ ماوەی پێنج هەفتە داخرابوو دووبارە بکرێتەوە.