ئێران مەرجی ئاگربەستی گشتگیر دادەنێت و هەڕەشەی داخستنەوەی گەرووی هورمز دەکات

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاند'' تەنیا بە ئاگربەستێکی گشتگیر لە هەموو بەرەکانی جەنگ ڕازی دەبن و هۆشدارییان دا کە ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەردەوام بن.''

تاران هەڵوێستە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی توندتر دەکاتەوە و بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا دەکەن.

ئیبراهیم ڕەزایی وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران لە ڕۆژی چوارشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٦ داوای کرد وەک وەڵامێک بۆ هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، دەستبەجێ گەرووی هورمز بە ڕووی کەشتییەکاندا دابخرێتەوە و جەختی کردەوە کە "یان دەبێت ئاگربەست لە هەموو بەرەکان بێت، یان لە هیچ بەرەیەک ئاگربەست نابێت" و هاوکات عەلی بەحرەینی باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا کە بەردەوامیی هێرشەکانی تەلئەڤیڤ سیستەمی یاسایی گەرووی هورمز دەخاتە مەترسییەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی "فارس" ئاشکرای کردووە کە تاران خەریکی هەڵسەنگاندنی بژاردەکانە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی توند دژی بنکەکانی ئیسرائیل وەک وەڵامێک بۆ پێکانی لوبنان بە ١٠٠ مووشەک لە ماوەی ١٠ خولەکدا، چونکە تاران ئەم هێرشانە بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست دەزانێت، ئەم ئاڵۆزییانەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ ڕەزامەندی لەسەر ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە دەربڕیوە و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنساش ڕایگەیاندووە کە ١٥ وڵات کار بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دەکەن، هەرچەندە بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بەوە داوە کە کردنەوەی گەرووەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا تەنیا بە شێوەیەکی سنووردار و لەژێر چاودێریی سوپای ئێراندا دەبێت.



PM:06:40:08/04/2026