وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ بەهۆی پشتگیرینەکردنی لە جەنگی ئێران هێزەکانی ئەمریکا لە چەند وڵاتێکی ناتۆ دەکشێنێتەوە

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکی نوێدا لە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٦ ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بیر لە پلانێکی سزادان دەکاتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی ئەندامی ناتۆ کە لە کاتی جەنگی ٤٠ ڕۆژەی دژی ئێراندا پشتیوانی پێویستیان پێشکەش بە واشنتن و تەلئەڤیڤ نەکردووە.

پێشنیازەکەش بریتییە لە کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لەو وڵاتانە و گواستنەوەیان بۆ ئەو شوێنانەی کە پاڵپشتیی زیاتری هەڵمەتە سەربازییەکەیان کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بە توندی هێرشی کردە سەر وڵاتانی ئەوروپا و ڕایگەیاند'' ئەوان لەو کاتەی پێویستیان پێیان بوو لەگەڵ ئەمریکا نەبوون و لە داهاتووشدا لەگەڵیان نابن.

 ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبێت پرسی "گرینلاند" بیر بخەنەوە کە بە خراپی بەڕێوە دەبرێت، هاوکات کارۆلین لیڤیت گوتەبێژی کۆشکی سپی دووپاتی کردەوە کە سەرۆک ترەمپ پێی وایە ناتۆ لە کاتی جەنگی ئێراندا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی گەورە بووەوە و تێیدا شکستی هێنا.

ئەم هەڕەشانەی ترەمپ بۆ کشانەوە لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و گواستنەوەی هێزەکان لە کاتێکدایە کە بڕیارە پێشوازی لە سکرتێری گشتیی ناتۆ بکات و پەیوەندییەکانی نێوانیان بەهۆی جەنگی ئێرانەوە گەیشتووەتە ئاستێکی قەیراناوی چونکە ئەوروپییەکان پشتیوانییەکی ئەوتۆی هەڵمەتە سەربازییەکەیان نەکردووە کە دوێنێ چوارشەممە بە ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی کۆتایی هات.




PM:01:02:09/04/2026