سەرۆک کۆماری لوبنان، جۆزێف عەون کۆبونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی ئەنجامدا سەبارەت بەوەی لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا هێرشەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر وڵاتەکەی زیادی کردوە و چۆن ببنە بەشێک لە ئاگربەستەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران.
پێنج شەممە، ٩ نیسان ٢٠٢٦، جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان رایگەیاندوە "لەو پەیوەندییانەی من و سەرۆک وەزیران لەگەڵ وڵاتانی دۆست دەیکەین، داوامان کردووە هاوشێوەی ئەو دەرفەتەی دراوە بە ئەمریکا و ئێران، دەرفەت بە لوبنانیش بدرێت بۆ راگرتنی شەڕ و دەستپێکردنی دانوستاندن".
" ئێمە دەوڵەتین و خاوەن کیانی خۆمانین، دەوڵەت خۆی دانوستان دەکات و رێگە نادەین هیچ لایەنێکی دیکە لە بری ئێمە گفتوگۆ بکات، چونکە توانای تەواومان بۆ دانوستاندن هەیە" سەرۆک کۆماری لوبنان وا دەڵێت.
بە پێی قسەی نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، ئەنجومەنی وەزیران دوو بڕیاری گرنگی داوە لەو بارەیەوە:
یەکەم/ "بەرزکردنەوەی سکاڵایەکی بەپەلە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی پێشهاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، بەتایبەتی هێرشەکانی سەر بەیروت کە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە مەدەنییەکان".
دووەم/ " فەرمان بە سوپا و هێزە ئەمنییەکان دراوە بەپەلە دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی پارێزگای بەیروتدا بسەپێنن و چەک تەنها لە دەستی هێزە شەرعییەکاندا بێت و رێکاری تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە."
چوار شەممە، ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی دوو هەفتەیی رێککەوتن. بڕیارە سبەی هەینی، ١٠ نیسان، دانوستاندن لە نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکات.