موجتەبا خامنەیی دانوستاندنەکان بە گرنگ دەبینێت و بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە ئەمریکا

‌موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران

ڕێبەری باڵای ئێران، موجتەبا خامنەیی، بەبۆنەی چلەی عەلی خامنەیی باوکی و ڕێیەری کوژراوی پێشووی ئێران پەیامێکی بە شێوەی نوسراو بڵاوکردەوە و دەڵێت "جەنگمان ناوێت، بەڵام سازش لە مافەکانی خۆمان ناکەین".

پێنج شەممە، ٩ نیسان ٢٠٢٦، موجتەبا خامنەیی رایگەیاند "ئێران نایەوێت شەڕ بکات و باوەڕی بە دۆستایەتی لەگەڵ دراوسێیەکانی هەیە، بەڵام داواتان لێ دەکەم کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکانتان دابخەن، چونکە ئەو بنکانە دەبنە ئامانجی هێرشەکانمان".

"گەلی ئێران لە مەیدانی جەنگدا سەرکەوتوو بووە و ئێران وەک هێزێکی گەورە دەرکەوتووە، لە کاتێکدا هێزە  خۆبەزلزانەکان ڕوویان لە کزییە، پێویستە جەماوەر وەک چل ڕۆژی ڕابردوو ئامادەییان لە گۆڕەپانەکان هەبێت"، ڕێبەری ئێران لە پەیامەکەیدا وا دەڵێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا موجتەبا خامنەیی داوا لە خەڵكی ئێران دەکات کە "ڕاگەیاندنی دانوستان لەگەڵ دوژمن بە واتای دوورکەوتنەوەی خەڵک لە گۆڕەپانەکان نایەت و دەبێت گەل بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بێت".

چوار شەممە، ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی دوو هەفتەیی رێککەوتن. بڕیارە سبەی هەینی، ١٠ نیسان، دانوستاندن لە نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکات.




PM:09:54:09/04/2026