سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای دەکات کە فەرمانی بە نوسینگەکەی کردوە دەست بە دانوستاندنی "راستەوخۆ" بکەن بەمەرجی "چەککردنی حیزبوڵا".
پێنج شەممە، ٩ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتوە "لەبەر رۆشنایی داواکارییە بەردەوامەکانی لوبنان بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنی راستەوخۆ، دوێنێ فەرمانم بە کابینەی حکومەت دا لە زووترین کاتدا گفتوگۆ لەگەڵ لوبنان دەستپێبکەن".
مەرجی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ دانوستاندنەکانیان لەگەڵ لوبنان "چەککردنی حیزبوڵڵا و دامەزراندنی پەیوەندیی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان".
بەپێی زانیاری میدیاکانی ئیسرائیل، یەحیئیل لیتر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا، نوێنەرایەتیی ئیسرائیل لەو گفتوگۆیانەدا دەکات.
ئیسرائیل دەستخۆشی لە بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی لوبنان، نەواف سەلام کرد بۆ بڕیاردانی "مانەوەی چەک لە دەستی تەنها دەوڵەتدا".
ئەمە لە کاتێکدایە جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان، ئەمڕۆ رایگەیاند "لەو پەیوەندییانەی من و سەرۆک وەزیران لەگەڵ وڵاتانی دۆست دەیکەین، داوامان کردووە هاوشێوەی ئەو دەرفەتەی دراوە بە ئەمریکا و ئێران، دەرفەت بە لوبنانیش بدرێت بۆ راگرتنی شەڕ و دەستپێکردنی دانوستاندن".
بە پێی قسەی نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، ئەنجومەنی وەزیران دوو بڕیاری گرنگی داوە لەو بارەیەوە:
یەکەم/ "بەرزکردنەوەی سکاڵایەکی بەپەلە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی پێشهاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، بەتایبەتی هێرشەکانی سەر بەیروت کە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە مەدەنییەکان".
دووەم/ " فەرمان بە سوپا و هێزە ئەمنییەکان دراوە بەپەلە دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی پارێزگای بەیروتدا بسەپێنن و چەک تەنها لە دەستی هێزە شەرعییەکاندا بێت و رێکاری تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە."
چوار شەممە، ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی دوو هەفتەیی رێککەوتن. بڕیارە سبەی هەینی، ١٠ نیسان، دانوستاندن لە نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکات.