سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و لە بارەی "ڕێگا نەدانی ئێران بە تێپەڕبوونی کەشتیە نەوتیەکان" بە ئێران دەڵێت "هەر ئێستا ئەو کارەتان رابگرن".
هەینی، ١٠ نیسان ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، نووسیویەتی "هەندێک راپۆرت کرد باس لەوە دەکەن ئێران پارە لەو کەشتییە نەوتییانە وەردەگرێت کە بە ناو تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن، باشتر وایە وا نەکەن، ئەگەر واش دەکەن، باشتر وایە رێک ئێستا رایبگرن".
دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی ئامانجی خۆیان پێکاوە و وتویەتی "بەهۆی منەوە، ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بە هاوکاریی ئێران بێت یان بێ هاوکاریی ئەوان، نەوت دەست بە رۆیشتن دەکات و بۆ من هیچ جیاوازییەکی نییە."
ئەمە لە کاتێکدایە چوار شەممە، ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی دوو هەفتەیی رێککەوتن. بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، ١٠ نیسان، دانوستاندن لە نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکات.