سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەقامگیرکردنی دۆخەکە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا لە ڕۆژی هەینی ١٠ی نیسانی ٢٠٢٦ بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمار کرد و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت ئاستی ٩٦ دۆلاری تێپەڕاند، ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ پەککەوتنی بەشێکی گەرووی هورمز و کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە سعوودیە بەهۆی هێرشەکانەوە دەگەڕێتەوە.
هەرچەندە پێشبینی دەکرێت لەسەر ئاستی هەفتانە نرخەکان بە ڕێژەی ١٠٪ دابەزین بەهۆی ڕێککەوتنی ئاگربەستی کاتیی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەڵام بەردەوامیی لێدانە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و تەمومژاویبوونی دۆخی ئەمنیی گەرووی هورمز وەبەرهێنەرانی تووشی نیگەرانی کردووە، چونکە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی هێشتا بە وریاییەکی زۆرەوە چاوەڕێی ڕێنمایی ڕوون و ئاگربەستێکی گشتگیر دەکەن بۆ ئەوەی کەشتییەکانیان بە سەلامەتی بجوڵێنن.
لە ئێستادا بازاڕی وزە لە دۆخێکی نادیاردا ماوەتەوە و هەموو چاوەکان لەسەر ئەنجامی گفتوگۆکانی واشنتن و ئیسرائیل و لوبنانن، چونکە هەر ئاستەنگێکی نوێ لە گەرووی هورمزدا کە گرنگترین ڕێڕەوی ئاویی جیهانە بۆ گواستنەوەی وزە، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی هەڵکشانی زیاتری نرخەکان لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا.