وەزارەتی دەرەوەی ئێران: گەرووی هورمز کراوەیە و دەبێت کەشتییە ئەمریکییەکان هەماهەنگی بکەن


سەعید خەتیبزادە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی نوێدا بۆ میدیاکان لە ڕۆژی هەینی ١٠ی نیسانی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند'' گەرووی هورمز بە ڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا کراوەیە و کەشتییە ئەمریکییەکانیش دەتوانن پێیدا تێپەڕن، بە مەرجێک بە شێوەیەکی دوژمنکارانە ڕەفتار نەکەن و پابەندی ڕێساکان بن.

خەتیبزادە ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی هەندێک سنوورداربوونی تەکنیکییەوە، پێویستە تەواوی کەشتییەکان پێشوەختە لەگەڵ هێزەکانی ئێران هەماهەنگی بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بە سەلامەتی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە تێپەڕێنن.

ئەم لێدوانانەش لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی نێوان واشنتن و تاران، تاوەکو ئێستا تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەمی کەشتییەکان توانیویانە لەو گەرووەوە تێپەڕ ببن.

ئەم هەڵوێستە نەرمترەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێت کە پێشتر ئیبراهیم عەزیزی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران باسی لە پێشنیازی پەرلەمانتاران کردبوو بۆ سەپاندنی سنووردارکردنی توند بەسەر هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا، بەڵام لە ئێستادا وادیارە تاران دەیەوێت لە ڕێگەی هەماهەنگیی سەربازییەوە کۆنتڕۆڵی هاتوچۆی ئەو ڕێڕەوە ستراتیژییە بکات لە ماوەی ئاگربەستەکەدا.



PM:05:28:10/04/2026