کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا لە ڕۆژی هەینی ١٠ی نیسانی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند'' ئەمریکا خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە کردووە و لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، پلانێکی جێگرەوە و توندی بۆ پاراستنی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز هەیە.''
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز گۆڕانکاریی ئەرێنی لە کەرتی وزەی جیهانیدا دەستی پێ کردووە و ئەمەش دوای ئەوە دێت کە داخستنی گەرووەکە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە کاتی جەنگدا ببووە هۆی بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی لە نرخی سووتەمەنی و شڵەژانی بازاڕەکانی جیهان چونکە هورمز گرنگترین ڕێڕەوی ئاوییە بۆ گواستنەوەی وزە.
ئەم هەڵوێستەی واشنتن لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە بەرەبەیانی چوارشەممەی ڕابردووەوە کۆتایی بە جەنگێکی ٣٩ ڕۆژەی توند هێنا و ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی ڕاگەیاند و بڕیاریشە سبەی شەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢٦ یەکەم خولی دانوستانە فەرمییەکان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت کە تێیدا هەردوو وڵات هەوڵ دەدەن لەسەر مەرجەکانی یەکدی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن ڕێکبکەون.