محەممەدباقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکی تونددا تەنیا ٢٤ کاتژمێر پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد ڕایگەیاند'' وڵاتەکەی دەست بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ناکات تاوەکو دوو مەرجی سەرەکی جێبەجێ نەکرێن کە بریتین لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان و ئازادکردنی تەواوی سامانە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوە.''
قالیباف لە پەیامەکەیدا کە ڕۆژی هەینی ١٠ی نیسانی ٢٠٢٦ بڵاوی کردەوە جەختی کردەوە کە ئەم دوو بڕگەیە پێشتر لەسەری ڕێککەوتبوون و دەبێت پێش ئەوەی شاندی هەردوو وڵات لە پاکستان کۆببنەوە جێبەجێ بکرێن چونکە تاران ئامادە نییە بەبێ ئاگربەست لە لوبنان بچێتە ناو پرۆسەی دانوستانەوە.
ئەم هەڵوێستە نوێیەش جارێکی دیکە جیاوازیی قووڵی نێوان تاران و واشنتنی دەرخستەوە بەو پێیەی کۆشکی سپی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئاگربەستی ئێستا لوبنان ناگرێتەوە.
ئەم بنبەستە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەی شەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢٦ یەکەم دانوستانی ڕاستەوخۆ لە نێوان شاندی هەردوو وڵات بە بەشداریی محەممەدباقر قالیباف و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە بچێت بەڵام مەرجە نوێیەکانی تاران چارەنووسی ئەم کۆبوونەوە مێژووییەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.