چەند بەرپرسی ئەمریکی ڕایانگەیاندووە کە ئێران نەیتوانیوە تەنگەی هورمز بە تەواوی بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان بکاتەوە، چونکە شوێنی هەندێک لەو مینە دەریاییانەی ون کردووە کە خۆی چاندوونی، هەروەها توانای لادان و پوچەڵکردنەوەی تەواویشیانی نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز ئەم کێشەیە بووەتە بەربەستێکی گرنگ بۆ تاران، بە تایبەتی لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ترەمپ بۆ کردنەوەی رێڕۆکەکە. ئەم بابەتە لە گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی قالیباف و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس تاوتوێی دەکرێت.
مانگی ڕابردوو، دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، سوپای پاسداران بە بەکارهێنانی بەلەمی بچووک تەنگەکەی مینڕێژ کرد. ئەم مینانە، لەگەڵ هەڕەشەی درۆن و مووشەکەکان، وایانکرد هاتوچۆی کەشتییە نەوتییەکان کەم ببێتەوە و نرخی وزە لە جیهاندا بەرزبێتەوە، کە بووە ئامرازێکی گوشاری بەهێز بەدەست ئێرانەوە.
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، مینانەکە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی چاندراون و تۆماری وردیان نییە. هەندێکیان بە جۆرێک دانراون کە لەگەڵ شەپۆلی ئاودا دەجووڵێن، بەمەش کۆنترۆڵکردنیان زۆر دژوار بووە.
لە هەمان کاتدا،ترەمپ ڕایگەیاندووە کە ئاگربەستەکە مەرجدارە بە کردنەوەی "دەستبەجێ و سەلامەت”ی تەنگەی هورمز. لە بەرامبەردا، عێراقچی ئاماژەی بەوە کردووە کە کردنەوەی تەنگەکە دەکرێت، بەڵام بەهۆی سنووردارییە تەکنیکییەکانەوە، کە زۆربەی بەرپرسان ئەمریکی پێیان وایە مەبەستی ونبوونی مینەکان و کەمبوونی توانای لادانیانە.