رۆیتەرز: ئەمریکا رازی بووە سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد بکات

سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی رۆیتەرز راگەیاندووە کە ئەمریکا بە فەرمی رازی بووە سەرجەم سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد بکات.

بەپێی هەمان سەرچاوە، پرسی ئازادکردنی ئەو سەرمایانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە گرەنتیکردنی تێپەڕبوونی ئارام و سەلامەتیی هاتوچۆی کەشتییەکان لەگەرووی هورمز دا؛ گەرووێک کە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ بازاڕی نەوتی جیهانی.

سەرچاوەکە هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە تاران ئەم هەنگاوەی ئەمریکا بە نیشانەیەکی "نیازپاکی" دەزانێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و یەکجارەکی لەنێوان دوو وڵاتەکەدا.

لە هەمان کاتدا، تۆڕی هەواڵی CNN پشتبەست بە داتاکانی چاودێریکردنی کەشتییەکان ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان واشینگتن و تاران، چەند کەشتییەک بەرەو گەرووی هورمز بەڕێکەوتوون. بەڵام، هاتوچۆی دەریاوانی لە ناوچەکەدا هێشتا بەراورد بە دۆخی ئاسایی زۆر کەمە



PM:01:04:11/04/2026