جێگری سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەیەکی روسیا ئاشکرای دەکات کە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی حزبەکەیان رایسپاردوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دروستکردنی هاوپەیمانێتیەک لەگەڵ ڕوسیا و چین.
شەممە، ١١ نیسان ٢٠٢٦، ئیلیاس تۆپسەکاڵ، جێگری سەرۆکی مەهەپە رایگەیاندوە "لە مانگی ئاداری ئەم ساڵ، باخچەلی ئەرکێکی پێ سپاردم، رەوانەی مۆسکۆ کرام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنی سیاسی و دەسەڵاتدارانی دەوڵەت لە رووسیا لەسەر هاوپەیمانێتیی پێشنیازکراو لەنێوان تورکیا-رووسیا-چین دژی هاوپەیمانیی خراپەکاری ئەمریکا و ئیسرائیل".
جێگری سەرۆکی مەهەپە ئاماژە بەوە دەکات کە مەرجیان بۆ هەڵبژاردنەکان گۆڕدراوە و دەڵێت "مەرجی نافەرمی مەهەپە بۆ پاراستنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ پۆستی وەزاری نییە، بەڵکو پەسندکردنی پرۆگرامێکە بۆ هاوئاهەنگی و هاوپەیمانێتی تورکیا لەگەڵ رووسیا و چین".
ئیلیاس تۆپسەکاڵ وتوشیەتی مەهەپە ئێستا کار بۆ "هاوئاهەنگی جیهانی رووسیا و جیهانی تورک" دەکات لە سەرانسەری جوگرافیای سۆڤیەتی پێشوو.
تۆپسەکاڵ ئەو دەستپێشخەرییەی بە دروستکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان رێکخراوە هاوبەشەکانی نێوان رووسیا، تورکیا و چین ناوبرد، لەوانە کۆمۆنوێڵسی دەوڵەتانی سەربەخۆ (CIS)، رێکخراوی هاوکاریی شانگەهای، رێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ و رێکخراوی دەوڵەتانی تورک -پاڵپشتیکراوی تورکیا کە وڵاتانی (تورکیا، ئازەربایجان، کازاخستان، قیرگزستان و ئۆزبەکستان) لەخۆدەگرێت.
لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥، دەوڵەت باخچەلی داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ستراتیژی لەنێوان تورکیا و رووسیا و چین کرد.