دانوستانەکانی تاران و واشنتن لە ئیسلام ئاباد دەچێتە قۆناغی وردەکارییە تەکنیکییەکانەوە

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی لە ڕۆژی شەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢٦ ئاشکرای کرد کە دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان شاندەکانی تاران و واشنتن لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان لە چوارچێوە گشتییەکان دەرچووە و ئێستا گفتوگۆکان چووەتە قۆناغێکی نوێوە کە تێیدا پسپۆڕانی هەردوولا سەرقاڵی تاوتوێکردنی وردەکارییە تەکنیکییەکان و پرسە گرنگەکانی سەر مێزی دانوستانن.

بەپێی زانیارییەکانی تەسنیم، شاندەکان لە قۆناغی سەرەتایی و گشتییەکان تێپەڕیون و ئێستا بە چڕیی خەریکی وردبینیکردن و گفتوگۆکردنن لەسەر بژاردەکان.

ئەمەش وای کردووە ئەگەرێکی بەهێز بۆ درێژکردنەوەی دانوستانەکان بۆ ڕۆژێکی دیکە لە ئارادابێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر کاتەکە نەدراوە و پرۆسەکە بەپێی چڕیی پرسەکان و پێویستیی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لە وردەکارییەکاندا بەڕێوە دەچێت.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە دوێنێ هەینی محەممەدباقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوو مەرجی قورسی بۆ دانوستانەکان دانا بوو، بەڵام دەرکەوتنی هەواڵی چوونە ناو وردەکارییە تەکنیکییەکان لە ئیسلام ئاباد ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەردوو لا لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لەو ئاگربەستە ١٤ ڕۆژییەی کە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕاگەیەندراوە.



PM:07:40:11/04/2026