فایننشاڵ تایمز: ئێران بەڕێوەبردنی هاوبەشی گەرووی هورمزی ڕەت کردەوە و سوورە لەسەر کۆنترۆڵی تاکلایەنە

ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمزی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکی نوێیدا لە ڕۆژی شەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢٦ ئاشکرای کرد کە دانوستانکارانی ئێران لە ئیسلام ئاباد پێشنیازی بەڕێوەبردنی هاوبەشی گەرووی ستراتیژیی هورمزیان بە تەواوەتی ڕەت کردووەتەوە و ئەم پرسە ئێستا وەک خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکی لە نێوان تاران و واشنتن ماوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە کە لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە گواستوویەتیەوە، لایەنی ئێرانی پێداگیرە لەسەر ئەوەی کە مافی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز دەبێت تەنیا بە دەستی خۆیان بێت.

هاوکات داوای سەپاندنی "باجی تێپەڕین" بەسەر ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەدا دەکات کە دەیانەوێت بەناو گەرووەکەدا تێپەڕ بن، ئەم هەڵوێستەی تاران دژی ئەو هەوڵە نێودەوڵەتییانەیە کە ئامانجیان کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکەیە و دەیانەوێت دڵنیایی بدەن بۆ ئاسایشی گواستنەوەی وزە لەو ڕێڕەوە ئاوییە هەستیارەدا.

ئەم ناکۆکییە قووڵە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ئیسلام ئاباد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بەردەوامن، بەڵام پرسی بەڕێوەبردنی هورمز وەک بەربەستێکی گەورە لە بەردەم دانوستانەکان دەردەکەوێت و ئێران دەیەوێت بەم کۆنترۆڵە تاکلایەنەیەی خۆی و وەرگرتنی باجی دارایی، جۆرێک لە سەروەریی سەربازی و ئابووری بەسەر گرنگترین ڕێڕەوی وزەی جیهاندا بسەپێنێت.



PM:08:53:11/04/2026