دانوستانە مێژووییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە ئیسلام ئاباد بەهۆی ناکۆکیی قووڵ لەسەر پرسی گەرووی هورمز گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار و بەپێی زانیارییەکان، "خولی سێیەم" کە بە خولی یەکلاکەرەوە دادەنرێت، ڕووبەڕووی مەترسیی داڕووخان بووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان هۆشداری دەدەن ئەگەر گفتوگۆکان شکست بهێنن، ئەوا ئامادەکاری بۆ هێرشی فراوان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران دەست پێدەکات.
ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکار بڵاوی کردووەتەوە کە ئەمریکا داواکاریی "زیادەڕۆیی" لەسەر گەرووی هورمز هەیە و دەیەوێت بە ئاسانی ئەو دەستکەوتانە بەدەست بهێنێت کە لە ٤٠ ڕۆژی شەڕدا بۆی نەلوابوو.
لە بەرانبەریشدا ئیسرائیل پێی وایە زۆر قورسە ئێران لەم پرسە هەستیارانەدا نەرم و نیانی نیشان بدات و پێشبینی دەکات دانوستانەکان لە کۆتاییدا شکست بهێنن، هەر بۆیە هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی گواستنەوەی چەکی ئەمریکی بە فڕۆکە بۆ ئیسرائیل، ئامادەکارییە سەربازییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ تەنانەت پێش کۆتایی هاتنی ئاگربەستەکەش بەردەوامە.
سەرەڕای ئەوەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا "جەی دی ڤانس" بە جددییەتەوە بۆ گەیشتن بە دەستکەوتێک لە دانوستانەکاندا بەشدارە، بەڵام جیاوازییەکان بەتایبەت لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و داواکارییەکانی تاران بۆ ئاگربەستی گشتگیر لە لوبنان، بووەتە هۆی ئەوەی هەڵسەنگاندنەکان بەرەو ئەوە بچن کە دۆخەکە جارێکی دیکە بتەقێتەوە.
لەم نێوانەدا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە هەنگاوێکی ئۆپەراسیۆنیدا دەستی بە پاککردنەوەی مین لە گەرووی هورمز کردووە و دوو کەشتیی ئەمریکی بۆ یەکەمجار لە سەرەتای جەنگەوە بەو ڕێڕەوەدا تێپەڕیون، ئەمەش پەیامێکی ڕوونی واشنتنە بۆ ئەوەی ڕێگە نادات ئێران کۆنترۆڵی تاکلایەنەی گرنگترین ڕێڕەوی وزەی جیهان بکات.