٢١ کاتژمێر دانوستانی بێ ئەنجام؛ ناکۆکی لەسەر گەرووی هورمز و بەرنامەی ئەتۆمی

ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد بڵاویکردەوە، بەشێک لە ناکۆکی نێوان لایەنەکان پەیوەندی بە پێداگری حکومەتی ئێرانەوە هەیە لەسەر کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و ڕەتکردنەوەی دەستبەرداربوون لە کۆگاکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا و ئێران بۆ ماوەی ٢١ کاتژمێر "دانوستاندنێکی بەرفراوان"یان هەبووە، بەڵام نەیانتوانیوە ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن.

دوای کۆتاییهاتنی دانوستانەکان بە بێ ئەنجام، وتی" ئەمە هەواڵێکی ناخۆشە بۆ ئێران، زۆر زیاتر لەوەی بۆ ئەمریکا هەیە. ئاماژەی بەوەشکردووە، هێڵە سوورەکانمان زۆر ڕوون کردووەتەوە، ئەوانیش بڕیاریان داوە مەرجەکانمان قبوڵ نەکەن".

ڤانس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا "پابەندبوونێکی ئەرێنی" درێژخایەنی لە ئێرانەوە دەوێت کە بەدوای چەکی ئەتۆمی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی خێرادا ناگەڕێت، ئاماژەی بەوەشکرد: تا ئێستا ئەوەمان نەبینیوە، هیوادارین بیبینین.

میدیاکانی دەوڵەتی ئێران هەروەها ڕایانگەیاندووە کە دانوستانەکان شکستی هێناوە، چونکە لایەنی ئەمریکی "واقیعی نییە" و "داواکارییەکانی زیادەڕەوی کردووە".
 
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە کە دانوستاندنە سێقۆڵییەکان دوای ئەوە دەستیانپێکرد، کە مەرجە پێشوەختەکانی ئێران جێبەجێ کران، لەنێویاندا کەمکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان.
 
شاندی ئێران بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەیان راگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، "هێڵە سوورەکان"ـیان خستووەتەڕوو، لەنێویاندا قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەر ئێران کەوتوون و ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران.
 
پێشنیازە ١٠ خاڵییەکەی ئێران بۆ دانوستاندنەکان داوای گەرەنتیی کۆتاییهێنان بە جەنگی دەکرد و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمزی دەدا. هەروەها داوای راگرتنی شەڕی دژی "هاوپەیمانە هەرێمییەکانی" دەکرد.

لای خۆشییەوە نێوەندگیرە پاکستانییەکان داوایان لە هەردوو وڵات کرد پارێزگاری لە ئاگربەستەکە بکەن.
 
ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان گوتی: "زۆر پێویستە لایەنەکان بەردەوام بن لە پابەندبوون بەو ئاگربەستەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی هەوڵ دەدات لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاسانکاری بکات بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆیەکی نوێ لە نێوان ئێران و ئەمریکادا.

چەقبەستوویی وتووێژەکان ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی کە هەفتەی ڕابردوو لەسەری ڕێککەوتبوو، خستووەتە ژێر گومانەوە و ئەگەری دووبارەبوونەوەی شەڕ و پەرەسەندنی شەڕی بەرزکردەوە.








AM:09:42:12/04/2026