ترەمپ فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کرد گەمارۆ بخەنە سەر گەروی هورمز


سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، یەکەم ڕاگەیاندراوی دوای دانوستاندی شاندی وڵاتەکەی لەگەڵ شاندی ئێرانی بلاوکردەوە و زانیاری سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی ئیسلام ئاباد ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئێران بەڵێنی دا گەرووی هورمز بکاتەوە، و بە ئەنقەست ئەو کارەیان نەکرد".

یەک شەممە، ١٢ نیسان ٢٠٢٦، دۆناڵد ترمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نوسیویەتی "کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئێران بەیانی زوو دەستی پێکرد و تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو، نزیکەی ٢٠ کاتژمێر. دەتوانم بچمە ناو وردەکارییەکی زۆر و باس لە زۆر شت بکەم کە بەدەست هاتوون، بەڵام تەنها یەک شت گرنگە،  ئێران نایەوێت واز لە تەماحە ئەتۆمییەکانی بهێنێت! لە زۆر ڕووەوە، ئەو خاڵانەی لەسەری ڕێککەوتین باشترن لەوەی بەردەوام بین لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان تا کۆتایی، بەڵام هەموو ئەو خاڵانە هیچ نین بەراورد بە ڕێگەدان بەوەی وزەی ئەتۆم لە دەستی گەلێکی وا ناسەقامگیر، سەخت و پێشبینینەکراودا بێت".

سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت "سێ نوێنەرەکەم لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، وەک چاوەڕوان دەکرا، زۆر دۆستانە و ڕێزدار بوون لەگەڵ نوێنەرانی ئێران، محەمەد باقر قالیباف، عەباس عێراقچی و عەلی باقری، بەڵام ئەوە گرنگ نییە چونکە ئەوان سەبارەت بە گرنگترین پرس زۆر کەلەڕەق بوون، و وەک هەمیشە گوتوومە، هەر لە سەرەتاوە و زۆر ساڵ لەمەوبەر: ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە ئێران کردوە و دەڵێت "هێزی دەریایی ئەمریکا دەستبەجێ دەست دەکات بە گەمارۆدانی هەر کەشتییەک کە بیەوێت بچێتە ناو گەرووی هورمز یان لێی بێتە دەرەوە، فەرمانم  بە هێزی دەریایی دا هەر کەشتییەک لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بپشکنن و دەستی بەسەردا بگرن کە سەرانە و باجی بە ئێران دابێت بۆ تێپەڕبوون".


دەقی پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ:
 
ئێران بەڵێنی دا گەرووی هورمز بکاتەوە، و بە ئەنقەست ئەو کارەیان نەکرد. ئەمە بووەتە هۆی دڵەڕاوکێ، ئاوارەبوون، و ئازار بۆ زۆرێک لە خەڵک و وڵاتانی جیهان. ئەوان دەڵێن مینمان لە ئاوەکەدا چاندووە، هەرچەندە تەواوی هێزی دەریایییان و زۆربەی "مینڕێژەکانیان" بە تەواوی تێکشکێندراون. ڕەنگە ئەوەیان کردبێت، بەڵام چ خاوەن کەشتییەک دەیەوێت ئەو سەرکێشییە بکات؟ بێحورمەتییەکی گەورە و زیانێکی هەمیشەیی بە ناوبانگی ئێران و ئەوەی لە "ڕێبەرەکانیان" ماوەتەوە گەیشتووە، بەڵام ئێمە لەوە تێپەڕیوین. وەک چۆن بەڵێنیان دابوو، باشترە دەست بکەن بە پرۆسەی کردنەوەی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە بە شێوەیەکی خێرا!
 
هەموو یاساکان لەلایەن ئەوانەوە پێشێل دەکرێن. جێگری سەرۆک جەی دی ڤانس، نێردەی تایبەت ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر بە تەواوی زانیارییان پێدام دەربارەی ئەو کۆبوونەوەیەی لە ئیسلام ئاباد لە ڕێگەی سەرکردایەتییە میهرەبان و لێهاتووەکەی فیڵد مارشاڵ عاسم مونیر و شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، ئەنجامدرا. ئەوان پیاوی زۆر نائاسایین و بەردەوام سوپاسم دەکەن بۆ ڕزگارکردنی ٣٠ بۆ ٥٠ ملیۆن مرۆڤ لەوەی کە دەبووە شەڕێکی سامناکی نێوان پاکستان و هیندستان. من هەمیشە دەستخۆشی لە بیستنی ئەوە دەکەم — ئەو بڕە مرۆڤایەتییەی باسی دەکرێت تێناگەیەنرێت.
 
کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئێران بەیانی زوو دەستی پێکرد و تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو — نزیکەی ٢٠ کاتژمێر. دەتوانم بچمە ناو وردەکارییەکی زۆر و باس لە زۆر شت بکەم کە بەدەست هاتوون، بەڵام تەنها یەک شت گرنگە — ئێران نایەوێت واز لە تەماحە ئەتۆمییەکانی بهێنێت! لە زۆر ڕووەوە، ئەو خاڵانەی لەسەری ڕێککەوتین باشترن لەوەی بەردەوام بین لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان تا کۆتایی، بەڵام هەموو ئەو خاڵانە هیچ نین بەراورد بە ڕێگەدان بەوەی وزەی ئەتۆم لە دەستی گەلێکی وا ناسەقامگیر، سەخت و پێشبینینەکراودا بێت.
 
سێ نوێنەرەکەم لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، وەک چاوەڕوان دەکرا، زۆر دۆستانە و ڕێزدار بوون لەگەڵ نوێنەرانی ئێران: محەمەد باقر قالیباف، عەباس عێراقچی و عەلی باقری، بەڵام ئەوە گرنگ نییە چونکە ئەوان سەبارەت بە گرنگترین پرس زۆر کەلەڕەق بوون، و وەک هەمیشە گوتوومە، هەر لە سەرەتاوە و زۆر ساڵ لەمەوبەر: ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی!
 
کەواتە، ئەمەیە ئەنجامەکە؛ کۆبوونەوەکە باش بەڕێوەچوو، لەسەر زۆربەی خاڵەکان ڕێککەوتین، بەڵام تەنها ئەو خاڵەی کە بەڕاستی گرنگ بوو، کە ئەویش پرسی ئەتۆمییە، ڕێککەوتنی لەسەر نەکرا. لە ئێستاوە، هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە باشترینە لە جیهاندا، دەست دەکات بە پرۆسەی گەمارۆدانی (بلۆککردنی) هەر کەشتییەک کە بییەوێت بچێتە ناو گەرووی هورمز یان لێی بێتە دەرەوە. لە کاتێکی دیاریکراودا، دەگەینە بنەمای "ڕێگەدان بە هەمووان بۆ چوونە ژوورەوە و ڕێگەدان بە هەمووان بۆ هاتنە دەرەوە"، بەڵام ئێران ڕێگەی نەداوە ئەوە ڕوو بدات تەنها بە گوتنی ئەوەی کە "ڕەنگە لە شوێنێک مینێک هەبێت،" کە جگە لە خۆیان کەس هیچی دەربارە نازانێت.
 
ئەمە سەرانەستێنییەکی جیهانییە (EXTORTION)، و سەرکردەی وڵاتان، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەرگیز ڕێگە نادەن سەرانەیان لێ وەربگیرێت. هەروەها فەرمانم بە هێزی دەریاییمان کردووە کە گەڕان بکەن و ڕێگری لە هەر کەشتییەک بکەن لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کە سەرانەی بە ئێران دابێت. هەر کەسێک سەرانەی نایاسایی بدات، گەشتێکی ئارامی لە ئاوە کراوەکاندا نابێت. هەروەها دەست دەکەین بە لەناوبردنی ئەو مینانەی ئێرانییەکان لە گەرووەکەدا چاندوویانە. هەر ئێرانییەک تەقە لە ئێمە یان لە کەشتییە ئاشتیخوازەکان بکات، ڕەوانەی ناو دۆزەخ دەکرێت!
 
ئێران، باشتر لە هەر کەسێک، دەزانێت چۆن کۆتایی بەم بارودۆخە بهێنێت کە پێشتر وڵاتەکەیانی وێران کردووە. هێزی دەریایییان نەماوە، هێزی ئاسمانییان نەماوە، دژە فڕۆکە و ڕادارەکانیان بێسوودن، خامنەیی و زۆربەی "ڕێبەرەکانیان" مردوون، هەموو ئەمانە بەهۆی تەماحە ئەتۆمییەکانیانەوەیە. گەمارۆکە بەم زووانە دەست پێ دەکات. وڵاتانی دیکەش بەشدار دەبن لەم گەمارۆیەدا. ڕێگە نادرێت ئێران قازانج لەم کارە نایاسایی و سەرانەستێنییە بکات. ئەوان پارەیان دەوێت و، لەوەش گرنگتر، ئەتۆمیان دەوێت. جگە لەوەش و لە کاتێکی گونجاودا، ئێمە لە "ئامادەباشی تەواوداین و پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەیە،" و سوپاکەمان ئەو بڕە کەمەی کە لە ئێران ماوەتەوە کۆتایی پێ دەهێنێت!
 
سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ
 




PM:04:36:12/04/2026