پزیشکی دادی ئێران: ناسنامەی ٣٣٧٥ کوژراوی جەنگ پشتڕاست کراوەتەوە


سەرۆکی رێکخراوی پزیشکی دادی ئێران، عەباس مەسجدی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەرانی رێکخراوەکە ژمارەی ئەو کەسانەی ئاشکرا کرد کە بەهۆی هێرشەکانی ئەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان کوژراون.

یەک شەممە، ١٢ نیسان ٢٠٢٦، عەباس مەسجەدی رایگەیاند "بەشێک لەوانەی لە جەنگی سەپێندراودا کوژراون و ناسنامەیان ئاشکرابووە، ٢ هەزار و ٨٧٥ قوربانی لە رەگەزی نێر و ٤٩٦ قوربانی لە رەگەزی مێ بوون، لە ناویاندا ٧ منداڵی تەمەنی خوار یەک ساڵە هەن، هەروەها ٢٥٥ منداڵی تەمەن یەک ساڵ بۆ ١٢ ساڵ، وە ١٢١  منداڵی دیکەی تەمەنیان لە نێوان ١٣ بۆ ١٨ساڵ تۆمارکراوە".

سەرۆکی رێکخراوی پزیشکی داد وتوشیەتی کە "هەزار و ٧٦١ کوژراوی دیکە تەمەنیان لە ١٩ بۆ ٤٠ ساڵیە، ٩٠٦ کوژراوی تریش تەمەنیان لە ٤١ بۆ ٦٠ ساڵە و ٢٢٣ کوژراویش لە سەرووی ٦١ ساڵیەوەن".

عەباس مەسجدی ئاشکرایکرد، زۆربەی کوژراوەکان خەڵکی "ئێرانن، بەڵام بەشێکیان خەڵکی وڵاتانی ئەفغانستان، سووریا، تورکیا، پاکستان، چین، عێراق و لوبنانیشی تێدایە"، زۆربەی کوژراوەکان لە پارێزگاکانی تاران، هورمزگان و ئیسفەهان تۆمارکراون.

سەرۆکی رێکخراوی پزیشکی دادی ئێران وتوشیەتی "بەشێکی کوژراوەکان لە رێگەی پشکنینی  DNAـەوە ناسراونەتەوە و تەرمەکانیان رادەستی کەسوکاریان کراوەتەوە".

ڕۆژی ٢٨ شوباتی ئەم ساڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و جەنگی نێوانیان هەڵگیرسا و بۆ ماوەی ٣٩ ڕۆژ بەردەوام بوو و ئێستاش بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ٨ نیسانەوە ئاگربەست ڕاگەیاندراوە. 




PM:05:53:12/04/2026