بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی نیسانی ٢٠٢٦، دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن لە ئیسلام ئاباد گەیشتووەتە بنبەست، چونکە لایەنی ئێرانی بە تەواوەتی داواکارییەکانی ئەمریکای بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکان.
هەروەها بڕینی پشتیوانییە دارایی و سەربازییەکانی بۆ گرووپە چەکدارەکانی وەک حەماس و حزبوڵڵا و حوسییەکان ڕەت کردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کردووە کە خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکان تەنیا لە بەرنامە ئەتۆمییەکەدا نەبووە، بەڵکو پرسی ئازادکردنی سامانە بلۆککراوەکانی ئێران و دیاریکردنی وادەیەک بۆ کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز و هەڵوەشاندنەوەی سەپاندنی "باجی تێپەڕین" بەسەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا بووەتە هۆی ئەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە زیاتر ئاڵۆزتر ببن.
ئەم بنبەستە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێداگری لەسەر مافی خۆی لە پیتاندنی یۆرانیۆم و درێژەدان بە سیاسەتە ناوچەییەکانی دەکات، ئەمەش وای کردووە دۆناڵد ترەمپ بڕیاری سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر گەرووی هورمزدا بدات، چونکە تاران ئامادە نییە بەبێ وەرگرتنی باجی دارایی ڕێگە بە ئازادیی هاتوچۆی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی بدات لەو ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەدا.