ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکدا لە شاری ڕیزە هەڕەشەی توندی لە ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند'' ئەگەر پێویست بکات وڵاتەکەی دەتوانێت لەشکرکێشی بکاتە سەر ئیسرائیل.'' و هاوشێوەی ئەو هەنگاوانەی پێشتر لە لیبیا و قەرەباخ ئەنجامیان داوە، بەو پێیەی هیچ بەربەستێک نابینێت بۆ ئەوەی ئەو کارە نەکەن، تەنیا پێویستی بە بەهێزی و یەکگرتوویی تورکیا دەبێت.
ئەردۆغان لە وتارەکەیدا بە توندی ڕەخنەی لە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گرت و بەو کەسەی وەسف کرد کە بەهۆی "خوێن و ڕقەوە کوێر بووە"، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ئیسرائیل لە ڕۆژی ئاگربەستدا سەدان لوبنانیی بێتاوانی کوشتووە.
هاوکات ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر پاکستان لە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەستوەردانی نەکردبایە، تورکیا هەڵوێستی ڕاستەوخۆ و کردەیی خۆی بەرامبەر بە ئیسرائیل نیشان دەدا.
ئەم هەڵوێستەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە ڕۆژی شەممە نەتانیاهۆ بە توندی وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە و تۆمەتباری کرد بەوەی کۆمەڵکوژی بەرامبەر بە هاووڵاتییانی مەدەنیی کورد دەکات.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە دەسەڵاتدارانی تورکیا بە فەرمی ٣٥ بەرپرسی باڵای ئیسرائیلی، لەنێویاندا نەتانیاهۆیان تۆمەتبار کرد و داوای سزای زیندانیکردنی زیاتر لە ٤٥٠٠ ساڵیان بۆیان بە گشتی کردووە، ئەم گرژییانەش وای کردووە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جارێکی دیکە نەتانیاهۆ بە "هیتلەری ئەم سەردەمە" ناوزەد بکات و بەردەوام بێت لە دژایەتیکردنی سیاسیی تەلئەبیب.