هاکان فیدان: ئەگەری درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ٤٠ رۆژی دیکە هەیە

‌هاکان فیدان- وەزیری دەرەوەی تورکیا

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت  بە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەڵێت "لە بابەتی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم ناگەنە ئەنجام و ڕەنگە ئاگربەست بۆ ٤٠ ڕۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە"، و هۆشداریش دەدات لەوەی ئیسرائیل بە ناوی "پاراستنی ئاسایش" شەڕ دژی تورکیا دەکات.

دوو شەممە، ١٣ نیسان ٢٠٢٦، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند "ئێران و ئەمریکا بە هەڵوێستی تووندەوە دەستیان بە دانوستاندنەکان کرد، بەڵام هەردوولا لەسەر ئاگربەست رژدن، بەمنزیکانە وەڵامی یەکدی دەدەنەوە و رەنگە گەڕێکی دیکەی دانوستاندن دەستپێبکات".

"ئەگەر لایەنەکان نەرمی بنوێنن، رەنگە ئاگربەست بۆ ٤٠ رۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە، بەڵام لە بابەتی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم ناگەنە ئەنجام"، هاکان فیدان وا دەڵێت.

لە بارەی گەرووی هورمزەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی کردەوە کە "ناکرێت تەنگەکە بە داخراوی بمێنێتەوە و وڵاتێک باج بەسەر کەشتیوانیدا بسەپێنێت، بەریتانیا و فەرەنسا پێشنیازی ناردنی هێزێکی نێودەوڵەتییان بۆ تەنگەی هورمز کردووە بۆ پاراستنی بازرگانیی دەریایی و هەناردەی نەوت و گاز".

هاکان فیدان وتیشی "ترەمپ ئەم پێشنیازە پەسند دەکات، بەڵام ئەوروپا و وڵاتانی دیکە نایانەوێت ببنە بەشێک لەم جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران."
 
لەم رۆژانەدا لێدوانەکانی بەرپرسانی تورکیا و ئیسرائیل گرژی زیاتریان پێوە دیارە، هاکان فیدان دژی ئیسرائیل قسەیکردوە و دەڵێت "تەلئەڤیڤ سەرخان و ژێرخانی باشووری لوبنانی کردووەتە ئامانج و یەک ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە و دەیەوێت هەمان کار لە سوریا بکات، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر تورکیا، کارەکەش بە پاساوی ئاسایشی نیشتمانی، خاکی وڵاتان داگیر دەکات و پاوانخوازی دەکات."

دوای ٣٩ رۆژ لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە ڕۆژی ٨ نیسان ئاگربەست راگەیاندراو بۆ ماوەی دوو هەفتە، ڕۆژی ١١ نیسان بە نێوەندگیری پاکستان لەو وڵاتە کۆبونەوەی شاندی باڵای ئەمریکا و ئێران بۆ ماوەی ٢١ کاتژمێر بەڕێوەچوو و دوای کۆبونەوەکەش ئەندامانی شاندی هەردوولا ئاماژەیان بەوەکرد نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن، و بڕیارە کاتژمێر ٥:٠٠ دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەمریکا گەمارۆ بخاتە سەر گەرووی هورمز. 




PM:02:11:13/04/2026