سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، دوای گەمارۆی وڵاتەکەی بۆسەر کەنارئاوییەکانی ئێران و گەرووی هورمز لە کاتژمێر ٥:٠٠ ئەم ئێوارە، یەکەم پەیامی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس بڵاوکردەوە و هەڕەشەش لە کەشتیە ئێرانییەکان دەکات و دەڵێت "دەستبەجێ لە ناودەبرێن".
دوو شەممە، ١٣ نیسان ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ نوسیویەتی " ئاگادارکردنەوە: ئەگەر هەرکام لەو کەشتییانە لە گەمارۆ دەریایییەکەمان نزیک ببنەوە، دەستبەجێ لەناو دەبرێن".
ترەمپ وتوشیەتی کە "هێزی دەریایی ئێران لە بنی دەریاکەدایە، بە تەواوی ١٥٨ کەشتی تەفروتونا بووە، ئەوەی کە لێمان نەداوە ژمارەیەکی کەمە لەوانەی کە خۆیان پێی دەڵێن کەشتییە هێرشبەرە خێراکان چونکە ئێمە بە هەڕەشەیەکی ئەوتۆمان دانەنابوون".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو کەشتیانەی نزیکیان دەبنەوە "بە بەکارهێنانی هەمان ئەو سیستەمی کوشتنەی کە دژی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لەسەر بەلەمەکان لە ناو دەریا بەکاری دەهێنین" هێرش دەکرێتە سەریان بە شێوەی "خێرا و بێبەزەییانە".
هەر ئەمڕۆ ئارسینیۆ دۆمینگێز، سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی بۆ کەشتیوانی رایگەیاند " بەهۆی هەڕەشەکان و گرژییەکانی ناوچەکەوە، بارودۆخی گەرووی هوورمز بووەتە جێی نیگەرانییەکی قووڵ و هەزاران دەریاوان ئێستا ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە".
دوای ٣٩ رۆژ لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە ڕۆژی ٨ نیسان ئاگربەست راگەیاندراو بۆ ماوەی دوو هەفتە، ڕۆژی ١١ نیسان بە نێوەندگیری پاکستان لەو وڵاتە کۆبونەوەی شاندی باڵای ئەمریکا و ئێران بۆ ماوەی ٢١ کاتژمێر بەڕێوەچوو و دوای کۆبونەوەکەش ئەندامانی شاندی هەردوولا ئاماژەیان بەوەکرد نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن، و بڕیارە کاتژمێر ٥:٠٠ دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەمریکا گەمارۆ بخاتە سەر گەرووی هورمز.