وەزارەتی بەرگریی ئێران: هەر دەستوەردانێکی سەربازی لە هورمز قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە

وەزارەتی بەرگریی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٦ بڵاوی کردەوە، هۆشدارییەکی توندی بە ئەمریکا دا و ڕایگەیاند'' هەر جۆرە دەستوەردانێکی سەربازی لە گەرووی هورمزدا شکست دەهێنێت و دەبێتە هۆی پەرەسەندنی قەیرانەکان و تێکچوونی سەقامگیریی ئاسایشی وزەی جیهانی.''

تاران لە پەیامەکەیدا دۆناڵد ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر گەرووەکەدا بەرەنجامی نابێت و لە هەوڵە سەربازییەکانی شکست دەهێنێت.

ئەم هەڵوێستەی ئێرانیش وەک وەڵامێک دێت بۆ لێدوانەکانی پێشووی ترەمپ کە ڕایگەیاندبوو هێزی دەریایی ئەمریکا ڕێگری لە هەر کەشتییەک دەکات کە بیەوێت بەپێی ویستی تاران جوڵە بکات.

لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا ئاشکرای کرد کە دوێنێ یەکشەممە ٣٤ کەشتی توانیویانە بە سەرکەوتوویی بەناو گەرووی هورمزدا تێپەڕ بن، ترەمپ ئەم ژمارەیەی وەک پێشکەوتنێکی گەورە لە قۆناغی گەمارۆکەدا وەسف کرد و پڕۆسەی داخستنی گەرووەکەی لەلایەن ئێرانەوە بە "داخستنێکی گەمژانە" ناوزەد کرد. ئەم ململانێیە دەریاییە لە کاتێکدایە کە هەردوو لا پێداگیرن لەسەر هەڵوێستەکانیان و ناوچەکەش بە دۆخێکی نادیار و پڕ لە گرژیی سەربازیدا تێپەڕ دەبێت.



PM:08:40:13/04/2026