ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرای کرد کە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر گەرووی هورمزدا، ڕۆژانە زیاتر لە ٤٣٥ ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی ئێران دەگەیەنێت، ئەمەش بەشێکە لە ستراتیژیی نوێی دۆناڵد ترەمپ بۆ گوشاری ئابووریی زیاتر لە ڕێگەی بڕینی سەرچاوە گرنگەکانی داهاتی تارانەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە کە لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە گواستوویەتییەوە، زیاتر لە ١٥ کەشتیی جەنگیی ئەمریکی لە بەشی گەمارۆکەی گەرووی هورمزدا بەشدارن و بژاردەی گەمارۆدانی دەریایی چەند مانگێک لەمەوبەر لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاوە (سێنتکۆم) خرایە بەردەم وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا جێبەجێ بکرێت.
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زیانە گەورەیەی بەر تواناکانی ئێران کەوتووە، ئەگەری ئەوەی ئێران دەست بە تەقەکردن لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا بکات زۆر لاوازە، چونکە تاران بە کردەیی توانای پێویستی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی کاریگەر لە دژی ئەو ژمارە زۆرەی کەشتییە جەنگییانەی ئەمریکا لە دەست داوە و ئەم گەمارۆیەش وەک بەشێک لە فشارە بەردەوامەکان بۆ ناچارکردنی ئێران بە سازشکردن دەبینرێت.