بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی کە ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٦ بڵاو کرایەوە، لە کۆبوونەوەکانی ئیسلام ئاباددا ئەمریکا پێشنیاری ئەوەی بۆ ئێران کردووە کە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت، بەڵام لایەنی ئێرانی وەڵامی داوەتەوە و تەنیا ئامادەیە بۆ ماوەی کەمتر لە ١٠ ساڵ ئەو مەرجە قبوڵ بکات.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناوبژیوانانی پاکستانی و میسری و تورک لە ئێستادا بە چڕی سەرقاڵی ئەوەن کە ئەم جیاوازییە گەورەیەی نێوان واشنتن و تاران کەم بکەنەوە، بەو ئامانجەی پێش ٢١ی نیسان کە وادەی کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکەیە، بەیاننامەیەکی ڕێککەوتن واژۆ بکرێت.
سەرەڕای ناکۆکییەکان لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم و دەستبەرداربوون لە یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێستا، بەرپرسێکی ئەمریکی بە ماڵپەڕەکە ئاشکرای کردووە کە پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان هەردوو لا هەیە و پێشکەوتنی بەرچاو لە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بەدی دەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لە لایەن کەسانی شایستە و بڕیاردەر لە ئێرانەوە پێگەیشتووە و پێی وایە تاران بە تەواوەتی خوازیاری گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدان کە هەردوو وڵات لە ژێر فشاری کاتدان بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی سەربازیی نوێ لە ناوچەکەدا.