ئێران بڕیاری لە سێدارەدان بۆ ٥ ئەندامی بنەماڵەیەک دەردەکات

‌وێنەی سێ ئەندامی ئەو بنەماڵەیە کە سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە

ناوەندی دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران راپۆرتێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە لە سێدارەدانی ٥ ئەندامی بنەماڵەیەک بەهۆی "بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایەی ئێراندا".

سێ شەممە، ١٤ نیسان ٢٠٢٦، لە راپۆرتەکەدا هاتووە " لقی ٢٦ـی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری، سزای لەسێدارەدانی بە سەر ژنێک بە ناوی بیتا هیمەتی و چوار کەسی دیکە لە بنەماڵەکەیدا سەپاندووە، ئەوانیش محەمەد ڕەزا مەجیدی هاوژینی، ئەمیر هیمەتی براکەی، بێهرووز زەمانی و کورۆش زەمانی نژاد".

بە پێی زانیارییەکانی راپۆرتەکە ئەم زیندانییانە کە لە خۆپیشاندانەکانی کۆتایدا دەستگیر کرابوون، بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت سزای لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانەکەیان بۆ دەرچووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دەقی بڕیارەکەدا هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و ورد سەبارەت بەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان نەخراوەتە ڕوو".

ناوەندی دەنگی دەستگیرکراوان ئاماژەی بەوەشکردوە "کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر گوشاری توندی جەستەیی و دەروونییدا بوون، هەروەها لە تەواوی پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ بێبەش بوون، ئەم شێوازە لە دادگاییکردن وەک پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف دەکرێت".

خۆپیشاندانی کۆتایی لە بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی ئێران لە ٢٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ دەستی پێکرد و نزیکەی ٢٢ ڕۆژ بەردەوام بوو.




PM:02:38:14/04/2026