فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، زانیاری سەبارەت بە ٤٨ کاتژمێری ڕابردووی گەمارۆکانی سەر گەرووی هورمز و کەنارە ئاوییەکانی ئێران بڵاوکردەوە و دەڵێت "توانیومانە کۆنترۆڵی تەواوی جوڵە دەریاییەکان بکەین".
چوار شەممە، ١٥ نیسان ٢٠٢٦، سێنتکۆم رایگەیاند "لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری یەکەمی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران، هێزەکانمان سەرکەوتووبوون لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی جووڵە دەریاییەکان و هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە بە ناو هێزەکانی ئەمریکادا تێبپەڕێت".
سێنتکۆم باسی لەوەکردوە کە لە ماوەی ئەو ٤٨ کاتژمێرەدا "٩کەشتی بازرگانی پابەندی رێنمایی و فەرمانەکانی هێزەکانی ئەمریکا بوون، ئەو کەشتیانە دوای ئاگادارکردنەوەیان، ناچارکراون ئاراستەکەیان بگۆڕن و بگەڕێنەوە بەرەو بەندەرەکانی ئێران یان ناوچە کەنارییەکانی ئەو وڵاتە".
دوای ئەوەی لە ٨ نیسان ئاگربەستی دوو هەفتەیی لە نێوان ئەمریکا و ئێران راگەیاندرا و ڕۆژی ١٠ نیسان هەردوو وڵات لە پاکستان بۆ ماوەی ٢١ کاتژمێر لە کۆبونەوەدا بوون و دوای کۆبونەوەکە رایانگەیاند نەگەیشتوونەتە ڕێكکەوتن، دواتر سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە کاتژمێر ٥:٠٠ رۆژی دوو شەممە، ١٣ نیسان ، هێزەکانیان دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر هەموو جۆرە کەشتییەکان لە بەندەرەکانی ئێران.