ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران بڵاویکردەوە کە سوپاسالاری پاکستان گەیشتوەتە تاران بەمەبەستی "گفتوگۆ بۆ دانوستاندنی داهاتوو".
چوار شەممە، ١٥ نیسان ٢٠٢٦، لە هەواڵەکەدا هاتووە "عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان گەیشتە تاران و لە لایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوی ئێران پێسوازی لێکرا، بڕیارە شاندەکەی پاکستان لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران پرسی دانوستانەکانی داهاتوو تاوتوێ بکەن".
بەپێی زانیارییەکان عاسم مونیر، سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سیاسی و ئەمنیی دەکات بۆ گەیاندنی پەیامی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ بەرپرسانی ئێران.
دوای ئەوەی لە ٨ نیسان ئاگربەستی دوو هەفتەیی لە نێوان ئەمریکا و ئێران راگەیاندرا و ڕۆژی ١٠ نیسان هەردوو وڵات لە پاکستان بۆ ماوەی ٢١ کاتژمێر لە کۆبونەوەدا بوون و دوای کۆبونەوەکە رایانگەیاند نەگەیشتوونەتە ڕێكکەوتن، دواتر سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە کاتژمێر ٥:٠٠ رۆژی دوو شەممە، ١٣ نیسان ، هێزەکانیان دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر هەموو جۆرە کەشتییەکان لە بەندەرەکانی ئێران.