سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، کارۆلاین لێڤت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی سەبارەت بە درێژکردنەوەی ئاگربەست وگەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی وڵاتەکەی و ئێران قسەی زانیاریدا بە رۆژنامەنووسان.
چوار شەممە، ١٥ نیسان ٢٠٢٦، کارۆلاین لێڤێت رایگەیاند "ئەو هەواڵانەی باس لە رەزامەندیی ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست دەکەن دوورن لە راستییەوە، درێژکردنەوەی ئاگربەست لە کارنامەماندا نییە و ئێران دەبێت مەرجەکانمان قبووڵ بکات، هەرچەندە دانوستانەکان لە رێگەی پاکستانەوە وەک تاکە نێوەندگیر بەردەوامن، بەڵام هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ درێژکردنەوەی وادەی ٢١ـی نیسان نەدراوە".
سەبارەت بە گەیشتن بەڕێککەوتن سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشكی سپی "گفتوگۆکان لەو بارەیەوە بەردەوامن و ئێمە هەستێکی باشمان هەیە بەرامبەر بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن، کە ئەگەری زۆرە خولی داهاتووی دانوستانەکان هەر لە (ئیسلام ئاباد)ی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت".
کارۆلاین لێڤت ئاشکرای کرد کە شی جینپینگ، سەرۆکی چین، دڵنیایی داوەتە ترەمپ کە وەک وەڵامێک بۆ فشارەکان، چیتر چەک ناداتە ئێران.
"گەمارۆی دەریایی بەتەواوی جێبەجێ کراوە و هێزەکانی ئەمریکا رێگری لە هەر کەشتییەک دەکەن کە بیەوێت لە بەندەرەکانی ئێران لە کەنداو (فارس) و دەریای عومانەوە هاتووچۆ بکات"، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشكی سپی وا دەڵێت.
دوای ئەوەی لە ٨ نیسان ئاگربەستی دوو هەفتەیی لە نێوان ئەمریکا و ئێران راگەیاندرا و ڕۆژی ١٠ نیسان هەردوو وڵات لە پاکستان بۆ ماوەی ٢١ کاتژمێر لە کۆبونەوەدا بوون و دوای کۆبونەوەکە رایانگەیاند نەگەیشتوونەتە ڕێكکەوتن، دواتر سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە کاتژمێر ٥:٠٠ رۆژی دوو شەممە، ١٣ نیسان ، هێزەکانیان دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر هەموو جۆرە کەشتییەکان لە بەندەرەکانی ئێران.