موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری سەربازیی ڕێبەری نوێی ئێران (موجتەبا خامنەیی) و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، لە لێدوانێکی توونددا هۆشداری بە ئەمریکا دا و ڕایگەیاند'' ئەگەر واشنتن لە گەمارۆدانی تەنگەی هورمز بەردەوام بێت، ئێران کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا ژێرئاو دەخات.''
ڕەزایی کە بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران دەرکەوت، ڕەخنەی لە هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز گرت و بە "پۆلیس" ناوبردنی ئەمریکا لەو ناوچەیەدا بە ئەرکێکی نادروست بۆ سوپایەکی وەک ئەمریکا وەسف کرد.
ئەو بەرپرسە بە تووندی وتی'' کەشتییەکانتان لە ژێر مەترسیی ڕاستەوخۆی مووشەکەکانی ئێمەدان و بە یەکەمین مووشەک ژێرئاو دەخرێن."
سەبارەت بە ئەگەری هێرشی وشکانیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ڕەزایی بە شێوازێکی هەڕەشەئامێز وتی'' ئەو سیناریۆیە بۆ ئێران زۆر نایاب دەبێت، چونکە ئامادەن هەزاران سەربازی ئەمریکی بە بارمتە بگرن و بۆ ئازادکردنی هەر یەکێکیان داوای ملیارێک دۆلار بکەن.''
لەلایەکی دیکەوە، ڕەزایی بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند'' هیچ شێوەیەک لەگەڵ درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستە ١٤ ڕۆژییەی ئێستای نێوان واشنتن و تاراندا نییە.''
ئەم هەڕەشانەی ڕەزایی لە کاتێکدایە کە سوپای ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریایی چڕی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و ڕای گەیاندووە کە لە ٤٨ کاتژمێری یەکەمی گەمارۆکەدا، ڕێگرییان لە ١٠ کەشتی کردووە کە هاتوچۆ لە بەندەرەکانی ئێران بکەن.