وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا و دەڵێت "سزا نوێیەکان بۆسەر ١٧ کۆمپانیا و٩ کەشتی نەوتی پەیوەست بە فرۆشتنی نەوتی ئێرانی بووە".
پێنج شەممە، ١٦ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "هۆکاری سەپاندنی سزاکان، بە مەبەستی فشار خستنەسەر و ڕێگرییە لەو دامەزراوە و کەسانەی، کە ڕۆڵیان لە پارەدارکردنی حکومەتی تاران و بەردەوامی کارە تیرۆرستییەکانی ئێران هەیە".
"لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆک ترەمپ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە ڕێگری لە فرۆشتنی وزە و نەوتی ئێران بە ڕێگەی نایاسایی" وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا وا دەڵێت.
پێشتر مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردبوو "تا ئەو کاتەی ئێران ڕێبازی خۆی دەگۆڕێت، لە سەپاندنی فشار و زۆرترین سزا بۆسەر تاران دەستهەڵناگرین".