سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، فاتح بیرۆڵ چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس ئەنجامداوە و تیایدا هۆشداری توند دەدات لە بارەی "وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرتاسەری ئەوروپا بەهۆی نەمانی سوتەمەنی فڕۆکەوە".
پێنج شەممە، ١٦ نیسان ٢٠٢٦، فاتح بیرۆڵ دۆخی ئێستای بە گەورەترین قەیرانی وزە کە "تا ئێستا بینیبێتمان" ناوبرد، ئەوەش بەهۆی پەککەوتنی گواستنەوەی نەوت و گاز لە رێگەی گەرووی هورمزەوە.
"ئەم قەیرانە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئابووری جیهان دەبێت و هەرچی ماوەکەی درێژتر بێتەوە، کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر گەشەی ئابووری و بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان زیاتر دەبن، قەیرانەکە دەبێتە هۆی گرانبوونی نرخی بەنزین، گاز و کارەبا لە سەرانسەری جیهاندا"، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە وا دەڵێت.
فاتح بیرۆڵ ئاماژەی بەوەشکر کە "وڵاتانی وەک ژاپۆن، کۆریا، هیندستان، چین، پاکستان و بەنگلادیش لە هێڵی پێشەوەی زیانمەندانی ئەم قەیرانەدان، وڵاتە هەژارەکانی ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین زۆرترین کاریگەرییان دەکەوێتە سەر".
لە بەشێکی تری قسەکانیدا بیرۆڵ رەخنەی لە وەرگرتنی باج کردوە کە خراونەتە سەر کەشتییەکان بۆ تێپەڕین لە گەرووی هورمز و هۆشداری دا، "ئەمە نەبێتە نەریت و دواتر لە گەرووە ستراتیژییەکانی تری وەک مەلەکا لە ئاسیا پەیڕەو نەکرێت".
دوای ئەوەی لە ٨ نیسان ئاگربەستی دوو هەفتەیی لە نێوان ئەمریکا و ئێران راگەیاندرا و ڕۆژی ١٠ نیسان هەردوو وڵات لە پاکستان بۆ ماوەی ٢١ کاتژمێر لە کۆبونەوەدا بوون و دوای کۆبونەوەکە رایانگەیاند نەگەیشتوونەتە ڕێكکەوتن، دواتر سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە کاتژمێر ٥:٠٠ رۆژی دوو شەممە، ١٣ نیسان ، هێزەکانیان دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر هەموو جۆرە کەشتییەکان لە بەندەرەکانی ئێران.