کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکات و بەشێک لە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەنگاوە بەرهەمی تێگەیشتنێکی فراوانترە لە نێوان تاران و واشنتندا کە بە نێوەندگیریی پاکستان ئەنجام دراوە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە وەستاندنی شەڕ لە لوبنان بەشێک بووە لەو دانوستانانەی لە ئیسلام ئاباد لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بەڕێوەچووە و جەختیشی کردەوە کە تاران لە سەرەتای گفتوگۆکانەوە داوای ئاگربەستێکی هەمەلایەنەی کردووە کە ناوچەکە بە گشتی بگرێتەوە
لەلایەکی دیکەوە محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نەبی بڕی سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان جەختی کردەوە، ئاسایشی لوبنان بۆ تاران هێندەی ئاسایشی ناوخۆی ئێران گرنگە و ئاشکراشی کرد کە لە رێککەوتنی ئاگربەستی ٨ی نیساندا هەوڵیان داوە نەیارەکان ناچار بکەن بە چەسپاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە سەرجەم ناوچەکانی ململانێدا
ئەم هەڵوێستەی تاران لەکاتێکدایە کە هەریەک لە واشنتن و تەلئەڤیڤ بە توندی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پرۆسەی گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەستی لوبنان رێڕەوێکی سەربەخۆ و جیایە و هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆی بەو دانوستانانەوە نییە کە لە نێوان تاران و واشنتندا بەڕێوەدەچێت