فەرماندەی سوپای ئێران: دەستمان لەسەر پەلاپیتکەی چەکەکانە

ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران، لە پەیامێکدا بەبۆنەی "رۆژی سوپا" رایگەیاند، هێزەکانی سوپا بە ورەیەکی پۆڵایین و "دەست لەسەر پەلاپیتکە" لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و دەستدرێژییەکی دوژمنان.

حاتەمی ئاماژەی بە کارنامەی سوپا لە جەنگی 8 ساڵەی ئێران و عێراق و جەنگی 12 رۆژە و جەنگی رەمەزاندا کرد و وتی، "سوپا رێگەی نەداوە نەیاران دەستدرێژی بکەنە سەر شکۆ و سەربەخۆیی ئەم خاکە"، هەروەها ستایشی رۆڵی سوپای کرد، کە هەمیشە لە مەیدانی جەنگدا دژی دوژمنان وەستاوەتەوە و لە رووی خزمەتکردن و فریاگوزاریشەوە رۆڵی گرینگی هەبووە.

فەرماندەی گشتیی سوپا جەختی لەوە کردەوە، هێزەکانیان لەژێر فەرمانی رێبەری وڵاتەکە "موجتەبا خامنەیی" و بە پشتبەستن بە توانا ناوخۆییەکان، پارێزەری ئاسایشی گەلی ئێرانن، هەروەها دووپاتی کردەوە، سوپا هەمیشە پابەندە بە دروشمی "سوپا بە فیدای گەل و گەلیش پەناگەیە بۆ سوپا".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەمیر حاتەمی دڵنیایی دا بە گەلی ئێران، سوپا تا دوا هەناسە و تا گەیشتن بە سەرکەوتنی کۆتایی، بە هێز و ورەیەکی بەرزەوە لەسەر پەیمانی خۆی بۆ پاراستنی ئامانجەکانی شۆڕش و نیشتمان بەردەوام دەبێت.




PM:04:00:17/04/2026