ترەمپ: سوپاسی ئێران دەکات بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز

لەدوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران کردنەوەی گەرووی هورمزی راگەیاند، ترەمپ لە پۆستێکیدا لە تروس سۆشیاڵ پێشوازی لە کردنەوەی تەنگەکە کرد و سوپاسی ئێرانی کرد.

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: "ئێران هەر ئێستا رایگەیاند کە گەرووی هورمز بەتەواوی کراوەیە و بۆ تێپەڕبوونی هەموو کەشتییەکان ئامادەیە. سوپاس".

ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هاوتەریب لەگەڵ ئاگربەستەکەی لوبنان، گەرووی هورمز بۆ ئەو ماوەیەی کە لە ئاگربەستەکە ماوە، بە تەواوی بەڕووی هەموو کەشتییە بازرگانییەکان دەکرێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وتی، هاتوچۆی کەشتییەکان لەو رێڕەوە ستراتیژییەدا، دەبێت لەسەر ئەو رێڕەوە هاوئاهەنگیکراوە بێت کە پێشتر لەلایەن رێکخراوی بەندەرەکان و دەریاوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە راگەیەنراوە.




PM:04:41:17/04/2026