ماڵپەڕی
هەواڵیی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی بڵاویكردەوە، ئەمریكا و ئێران نزیك لە ڕێككەوتن
و بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە لە ئیسلام ئاباد گفتوگۆكان دەسپێبكەنەوە.
ئەکسیۆس
ئەمڕۆ هەینی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرایکرد، واشنتن و تاران دانوستان لەسەر
پلانێک دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، کە ئەگەری ئازادکردنی نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار
لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لەخۆدەگرێت، لە بەرامبەر دەستبەرداربون لەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی كە هەیەتی.
ئەکسیۆس
ئاماژەی بەوەکردوە کە ئێران زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلاری دەوێت و دەیەوێت بچێتە ناو سیستەمی
دارایی جیهانییەوە، هەروەها نایەوێت بە شێوەیەکی پێویست دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی
یان پشتگیریکردنی لە بزوتنەوەکانی وەک حەماس بێت.
بەپێی
ئەوەی ماڵپەڕی ئەکسیۆس كە لە زاری سەرچاوەکانەوە گواستویەتییەوە، چاوەڕوان دەکرێت
وتوێژەکانی ئەمریکا و ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەبچن. هەوڵەکانی نێوەندگیری
نێوان واشنتن و تاران لەلایەن پاکستانەوە و بە پشتگیری ناڕاستەوخۆی میسر و تورکیا سەرکردایەتی
دەکرێت.
ماڵپەڕی
ئەکسیۆس ئاماژەی بە پێشنیازێکی ژێر لێکۆڵینەوە کردوە کە دەقەکەی باس لە گواستنەوەی
بەشێک لە یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو لە ئێرانەوە بۆ وڵاتێکی سێیەم دەکات.
ئەوەشی
زیاد کردوە، کە باس لە پێشنیازێک دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی بەشێکی دیکەی
کۆگای یۆرانیۆمی ئێران لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا.
ئەوەلەكاتێكدایە
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کە گەروی هورمز بە تەواوەتی
بەڕوی هەمو کەشتییە بازرگانییەکاندا کراوەیە لە ماوەی بەردەوامیی ئاگربەستدا، ئەوەش
هاوتەریب لەگەڵ ئاگربەست لە لوبنان.
لەدوای
ڕاگەیەندراوەكەی عێراقچی، ترەمپ لە پەیامێكدا كردنەوەی گەروەكی ڕاگەیاند و سوپاسی
ئێرانی كرد، بەڵام جەختیكردەوە گەمارۆ دەریاییەكانی سەر ئێران بەردەوام دەبن تاكو
دەگەنە ڕێككەوتنی ١٠٠% لەگەڵ تاران.