دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا درەنگانی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند" ئەگەر تا ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن نەکرێت، ڕەنگە کۆتایی بە ئاگربەست لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بهێنێت".
دۆناڵد ترەمپ لە فڕۆکە تایبەتەکەیدا کە ناوی (ئایر فۆرس ون)ە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ڕەنگە درێژی نەکەمەوە، بەڵام گەمارۆکە هەر دەمێنێتەوە. بۆیە گەمارۆکە لە شوێنی خۆیدایە و بەداخەوە ناچار دەبین جارێکی دیکە دەست بە بۆردومان بکەینەوە".
ترەمپ هەروەها ڕایگەیاندووە، "هەواڵی زۆر خۆش" لەبارەی ئێرانەوە پێگەیشتووە، بەڵام وردەکارییەکانی نەخستووەتەڕوو و دەڵێت" پێدەچێت شتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئێران زۆر باش بەڕێوە بچن. بەم زووانە بۆمان دەردەکەوێت. پێشبینی دەکەم شتەکان بە باشی بەڕێوەبچن. بەشێکی زۆری ئەمانە دانوستان و ڕێککەوتن لەسەر کراوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "تەنها پێموایە شتێکە کە پێویستە ڕووبدات، شتێکە کە مانای تەواوەتی هەیە و پێموایە ڕوودەدات، دەبینین چی ڕوودەدات، بەڵام پێموایە ئەوە ڕوودەدات".