سێنتکۆم کشانەوەی تەواوی هێزەکانی لە سوریا راگەیاند


فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، راگەیاندراوێكی سەبارەت بە  تەواوبوونی پڕۆسەی کشانەوەی سەرجەم یەکە جەنگییەکانی لە سوریا بڵاوکردەوە.

شەممە، ١٨ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە کە هەینی دوایین کاروانی سەربازیی ئەمریکا بنکەی ستراتیژیی قەسرەکیان لە پارێزگای حەسەکە بەجێهێشتووە، بەوەش کۆتایی بە ساڵانێک لە ئامادەبوونی سەربازیی ڕاستەوخۆی ئەو وڵاتە هات.

"پڕۆسەی ڕادەستکردنی سەرجەم بنکە و دامەزراوە سەربازییەکان بە هێزە هاوبەشەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەپێی خشتەی کاتیی دیاریکراو بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە"، سێنتکۆم وا دەڵێت.

سێنتکۆم جەختدەکاتەوە کە "ئەمریکا پابەند دەبێت بە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی دژ بە تیرۆر لە ڕێگەی وڵاتانی هاوبەشەوە، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گرووپە توندڕەوەکان".

دوای ئەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٤ گەیشتبووە نزیکەی ٢٠٠٠ سەرباز، لە ساڵانی دواتردا بۆ خوار ١٠٠٠ سەرباز کەمکرایەوە، تا دواجار ئەمڕۆ پڕۆسەی کشانەوەی تەواوەتی جێبەجێ کرا.




PM:04:36:18/04/2026