دۆناڵد ترەمپ: ئێران دەیەوێت دووبارە گەرووی هورمز دابخاتەوە


سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین لێدوانیدا پەیوەندی وڵاتەکەی و ئێران لە ئێستادا ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئێران دەیەوێت دووبارە گەرووی هورمز دابخاتەوە".

شەممە، ١٨ نیسان ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند "لە ماوەی ٤٧ ساڵی رابردوودا هیچ لایەنێک وەک من رووبەڕووی ئێران نەبووەتەوە، ئێران ناتوانێت هەڕەشەمان لێ بکات، پێموایە تاران دەیەوێت دووبارە گەرووی هورمز دابخاتەوە، ئەمڕۆ زانیاریی نوێم لەبارەی دۆخی هورمز پێ دەگات".

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بە گرنگی کوشتنی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس کردوە و وتویەتی "ئەگەر قاسم سولەیمانی لە ژیان دا بووایە، ئێستا ئێرانێکی دیکە هەبوو".

"ئێستا گفتوگۆی زۆر باش لەگەڵ ئێرانییەکان لە ئارادایە، تا کۆتایی ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی دەدەین و دەزانین ئایا هەردوولا دەگەنە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ یان نا" ترەمپ لە بارەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان وا دەڵێت. 

سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، ئەمریکا ناچێتە ژێر باری هیچ فشارێکی دەریایی و وتی "ئەوان ناتوانن لە رێگەی گەرووی هورمزەوە مەرجمان بەسەردا بسەپێنن".

ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە سوپای پاسداران ئەمڕۆ هێرشی کردە سەر کەشتییەکی بازرگانی و گەرووەکەی بە رووی کەشتییەکاندا داخستەوە.




PM:05:51:18/04/2026