ئەمریکا ئامادەکاری بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران دەکات

 گرژییەکانی ناوچەی کەنداو پێدەنێتە قۆناغێکی مەترسیدار و ئەمریکا پلانی هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئێران دادەڕێژێت.

بەرپرسانی ئەمریکا بە ڕۆژنامەی "وول ستریت جۆرناڵ"یان ڕاگەیاندووە'' سوپای وڵاتەکەیان ئامادەکاری دەکات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا هەڵبکوتێتە سەر ئەو کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرانەی پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە و دەستیان بەسەردا بگرێت.''

ئەمە لە کاتێکدایە، تاران بڕیاری پێشووی خۆی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز هەڵوەشاندەوە و جارێکی دیکە گەرووەکەی داخستەوە. ئێران دەڵێت ''ئەمە وەک وەڵامێکە بۆ بەردەوامیی گەمارۆکانی ئەمریکا، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە تەنها بۆ ماوەیەکی کورت ڕێگەی بە تێپەڕبوونی ٨ کەشتی دابوو.''

هاوکات، دەستەی بازرگانی دەریایی بەریتانیا ڕایگەیاند'' کەشتیە جەنگییەکانی سوپای پاسداران بەبێ ئاگادارکردنەوە تەقەیان لە کەشتییەکی نەوتهەڵگر کردووە.'' هەروەها ڕاپۆرت دراوە کە کەشتییەکی بارهەڵگر بە "تەقەمەنییەکی نادیار" پێکراوە و زیانی پێگەیشتووە.

گەرووی هورمز کە پێشتر ۲۰٪ی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو، ئێستا بەهۆی ململانێ سەربازییەکانەوە کە لە ٢٨ی شوباتەوە دەستی پێکردووە، جوڵەی تێدا بەتەواوی پەککەوتووە؛ ئەمەش ترسی گەورەی لای بازاڕەکانی وزە دروست کردووە.



PM:07:51:18/04/2026