ئەمریکا هۆشداریی دەستپێکردنەوەی جەنگ دەدات بەهۆی گەرووی هورمزەوە

 بەربەستە دیپلۆماسییەکان لە گەرووی هورمز ئەگەری هەڵگیرسانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆیان لە ناوچەکەدا زیاد کردووە.

پێگەی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە'' ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک لە هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز بەدی نەیەت، ئەوا ئەگەری زۆرە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا جەنگ دەست پێ بکاتەوە.''

بەرپرسانی ئەمریکا پشتڕاستیان کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەیانی ئەمڕۆ شەممە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە نوێیەکانی ناوچەکە و گەرووی هورمز ئەنجام داوە، ئەمەش نیشانەی جددیبوونی مەترسییەکانە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، واشنتن بە نیگەرانییەوە چاودێری دۆخەکە دەکات و هیچ ئاماژەیەکی "شکاندنی بنبەستەکان" نابینرێت. هەرچەندە پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانان بەردەوامە، بەڵام هۆشداری دەدرێت کە چەقبەستوویی دیپلۆماسی ڕێگە بۆ پێکدادانی سەربازی خۆش دەکات.

ئەم گرژییە بێپێشینەیە دوای ئەوە دێت کە ئێران هێرشی کردە سەر کەشتیڕانی و هاتووچۆی لە گەرووی هورمز سنووردار کرد، کە کاردانەوەی توندی ئەمریکا و ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە و ناوچەکەی خستووەتە سەر لێواری جەنگێکی گشتگیر.



PM:10:59:18/04/2026