ترەمپ سەبارەت بە ڕێککەوتن و دانوستاندنی داهاتوو لەگەڵ ئێران بڕیاریدا


سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "نوێنەرەکانم دەچنە ئیسلام ئاباد لە پاکستان، سبەی  ئێوارە لەوێ دەبن بۆ دانوستاندن".

یەک شەممە، ١٩ نیسان ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند "ئێمە رێککەوتنێکی زۆر دادپەروەرانە و گونجاو پێشکەش دەکەین، و هیوادارم قبووڵی بکەن، چونکە ئەگەر رەتی بکەنەوە، ئەمریکا سەرجەم وێستگەکانی کارەبا و هەموو پردەکانی ناو ئێران وێران دەکات. ئیتر کاتی نەرمی نواندن کۆتایی هات".

دەقی پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ:

دوێنێ ئێران بڕیاری دا لە گەرووی هورمز تەقە بکات، ئەمەش پێشێلکردنێکی تەواوەتیی رێککەوتنی ئاگربەستەکەمانە! زۆربەی تەقەکان ئاراستەی کەشتییەکی فەرەنسی و بارهەڵگرێکی بەریتانی کرابوون. ئەوە کارێکی باش نەبوو، وایە؟ نوێنەرەکانم دەچنە ئیسلام ئاباد لە پاکستان، سبەی ئێوارە لەوێ دەبن بۆ دانوستان. تاران بەم دواییە رایگەیاند، گەرووەکە دادەخەن، ئەمەش سەیرە، چونکە گەمارۆکەی ئێمە پێشتر دایخستووە. ئەوان بەبێ ئەوەی بزانن یارمەتیمان دەدەن، و خۆشیان بە هۆی داخستنی رێڕەوەکەوە زەرەرمەند دەبن و رۆژانە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار زیان دەکەن! ئەمریکا هیچ زیانێک ناکات.

لە راستیدا لە ئێستادا چەندین کەشتی بەرەو ئەمریکا و ویلایەتەکانی تێکساس و لویزیانا و ئالاسکا بەڕێ کەوتوون بۆ بارکردن، ئەمەش بە هۆی سوپای پاسدارانەوەیە، هەمیشە دەیانەوێت خۆیان وەک "کەسی بەهێز" نیشان بدەن! ئێمە رێککەوتنێکی زۆر دادپەروەرانە و گونجاو پێشکەش دەکەین، و هیوادارم قبووڵی بکەن، چونکە ئەگەر رەتی بکەنەوە، ئەمریکا سەرجەم وێستگەکانی کارەبا و هەموو پردەکانی ناو ئێران وێران دەکات. ئیتر کاتی نەرمی نواندن کۆتایی هات!

ئەوان بە خێرایی و بە ئاسانی تێکدەشکێنرێن و ئەگەر رێککەوتنەکە قبووڵ نەکەن، ئەوا جێگەی شانازیم دەبێت ئەو کارە بکەم پێویستە بکرێت، ئەو کارەی پێویست بوو لە ٤٧ ساڵی رابردوودا لەلایەن سەرۆک کۆمارەکانی پێشووتری ئەمریکاوە بەرانبەر ئێران بکرێت. کاتی ئەوە هاتووە ئامێری کوشتنی ئێران کۆتایی پێ بێت!




PM:03:30:19/04/2026